دوو هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون

15:17 - 24 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕینی ٢٧ساڵ بە سەر شەڕی ئێران_عێراق، ماوە ماوە هاووڵاتییانی کورد دەبنە قوربانیی تەقینەوەی مین و کەرەستە بەجێماوەکانی ئەو شەڕە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە هۆی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری گوندی سنووریی\"زاوەر\" لە شاری پاوە، ژنی پیاوێکی کەمئەندام لە شەڕی ئێران و عێراق، بە توندی بریندار بوو.

ئەو ڕووداوە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو و لە مووچە و مەزاری هاووڵاتییەکی جووتیار ڕوویداوە.

شوناسی ئەو ژنە کوردە بە مریەم ئەمینیان ڕاگەیەندراوە، کە هەردوو لاقی بە سەختی سووتاوە و بەو هۆیەوە لە نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە لە ژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە.

\"کارزان
کارزان محەممەدی
لەو پەیوەندییەدا و لە هەواڵێکی هاوشێوەدا، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی گوندی\"سەردۆش\"ی سەر بە شاری مەریوان، بە هۆی تەقینەوەی مین لە لای چاو و دەستیەوەبرینی قورسی هەڵگرتووە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییەش بە کارزان محەممەدی ڕاگەیەنراوە. ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی بووعەلی شاری مەریوان و دواتر بۆ شاری تاران گواستراوەتەوە.

بە وتەی یەکێک لە خزمانی ناوبراو، ئەگەری کوێر بوونی کارزان لە ئارادایە.

ئیرنا هەواڵدەریی فەرمیی دەوڵەت، \"دەستکاری و زەربە لێدان\"ی بە هۆکاری تەقینەوەی ئەو مینانە زانیوە.

بڵاو کردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە تەقینەوەی مین و کەرەستە جەنگییە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، لە کوردستانی ئێران لە کاتێکدایە کە؛ لە دانیشتنی ٢٨ـەمین کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤ لە شاری ژنێڤ، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پێشنیاری هەڵگرتنەوەی ئوسوولیی مین لەلایەن وڵاتی بۆسنی وهێرزێگۆینی قەبوول کردووە؛ بەڵام پاش تێپەڕینی یەکساڵ بە سەر ئەو قبووڵ کردنی ئەو پێشنیارەدا، هیچ چەشنە باشتربوونێک لە بارودۆخی ناوچە مینڕێژکراوەکان لە کوردستان نابیندرێ.