دوو هاووڵاتی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کران

10:34 - 15 رەشەمه 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ۱٤ی ڕەشەمە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەلیم شەریفی" و "عەزیز قادرتاج"، خەڵکی شنۆ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەیان، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی چوارشەممە ۱۳ی ڕەشەمە، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوون.

ناوبراوان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و"چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان"، بێبەری کراون.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی ڕێبەندان، سەلیم شەریفی، خەڵکی گوندی "قوروشاوێ" سەر بە شنۆ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ۱۲ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی عەزیز قادرتاج و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

عەزیز قادرتاج، مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی گوندی "نەرزیوە" سەر بە شاری شنۆیە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو دوو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.