دوو هاووڵاتی بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران پێکران
ئێوارەی ڕۆژی سیشەممە ٦ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "عوسمان وەیسی" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی خواکەرەم و خەڵکی گوندی "گوڵچێر" و "کەیوان" ناسراو بە "کەیوان کەڵەوێنجەیی" خەڵکی شاری مەریوان، بە تەقەی هێزەکانی سپا بریندار کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپا لە نزیک گوندی "حەسەن ئاوڵە" تەقەیان لێ کراوە و بە سەختی بریندار بوون.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هێزەکانی سپا لە نزیک گوندی حەسەن ئاوڵە ویستبوویان دەست بەسەر کەرەستەی ئەو دوو هاووڵاتییەدا بگرن و پاش دەمەقاڵێ، بە چەکی تاپڕ، تەقە لە عوسمان وەیسی دەکەن و دواتر بە چەقۆ هێرشیان کردووەتەوە سەر کەیوان کەڵەوێنجەیی".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو دوو هاووڵاتییە پاش ڕەوانەکردنیان بۆ نەخۆشخانەی بوعەلیی شاری مەریوان، عوسمان وەیسی بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە کراوە".
ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "عوسمان وەیسی لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە و بڕیارە نەشتەرگەریی بۆ بکرێت".
عوسمان وەیسی خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.