دوو منداڵی مەریوانی بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە جادەی خۆڕەم ئاوا گیانیان لەدەست دا

17:47 - 10 گەلاوێژ 2722

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گەلاوێژ، مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان، تەقەیان لە ماشینی شەخسیی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەحمان ڕاشدی‌مەنش" خەڵکی گوندی "قوڵقوڵە"ی مەریوان لە جادەی خۆڕەم ئاوا کرد، کە لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنە دوو ئەندامی ئەو بنەماڵەیە گیانیان لە دەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو ڕووداوەدا، مێهدی و مەتین ڕاشدی‌مەنش، تەمەن ٩ و ١٣ ساڵان گیانیان لەدەست دا و باوک و دایکی ئەو دوو منداڵەش دەسبەسەر کران.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە خاڵی پشکنینی فیرووزئاوا، تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە، کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: دۆخی تەندروستیی گشتیی ڕەحمان و هوما باوک و دایکی ئەو دوو منداڵە، نالەبار ڕاگەیەندراوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری تەقەکردنی هێزە ئینتزامییەکان لەو بنەماڵەیە، زانیارییەک بەدەست نەهاتوووە.