دوو منداڵ خەڵکی شارەکانی "قەسری ‌شیرین و مێهران" بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون

11:04 - 19 رێبەندان 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندان، منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ لە عەشایەرەکان بەهۆی تەقینەوەی مین لە شاری قەسری‌ شیرین بریندار بوو.

فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی شاری قەسری‌ شیرین لەوبارەیەوە بە هەواڵدەریی "ئیلنا"ی ڕاگەیاندووە: ئەو منداڵە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات چووەتە سەر مین و دەست و لاقی لەو ڕووداوەدا بریندار بووە".

بە وتەی ئەو بەرپرسە نیزامییە، ئەو منداڵە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی قەسری ‌شیرین کراوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندان، منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ بە ناوی "سوهەیل هاشمی" لە شاری مێهران، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە کۆنەکراوەکان بریندار ببوو.

ئەو منداڵە لە ناوچەی عەشایری "ڕەزا ئاوا" و لە کاتی یاریکردن تووشی ئەو ڕووداوە ببوو.

ئەو منداڵە تەمەن ٥ ساڵەیە لە عەشایری "مێشخاسـ"ـە و بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیلام کرابوو.