دوو مامۆستای کورد دووبارە بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری سەقز کران

14:08 - 18 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، دوو مامۆستای قوتابخانەی ئەو شارەی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ \"سەید عەلی حوسێنی و سلێمان عەبدی\" دوو مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز دووبارە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران.

ئەو دوو مامۆستا کوردە بە هۆی بەشداری لە مانگرتنی سەرکەوتوانەی فەرهەنگیان بانگهێشت و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لەو دوو مامۆستا کوردە کردووە لە بەشداری‌کردنی لە مانگرتنەکان خۆیان ببوێرن.

ئەو دوو مامۆستا کوردە، بۆ دووهەمین جارە، کە بە هۆی بەشداری لە مانگرتنەکانی ئەم دوایانەی فەرهەنگیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز دەکرێن.

ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر، ئەم دوو مامۆستا کوردە لەگەڵ چوار کەس لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز بە ناوەکانی \"تاهیر قادرزادە، ئەحمەد قادری، حەمید یەزدانی و خالید عەبدوڵڵاهی\" بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکن کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.