دوو لاوی کورد لە شارەکانی ورمێ و پیرانشار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران

11:11 - 20 رەشەمه 2719

ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەشەمە، لاوێکی کورد بە ناوی "ڕزگار ئەمینی" خەڵکی ورمێ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و ناوبراو بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.

هەروەها، "ڕزگار ئەمینی"، ساڵی ٩٦یش دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونەوەی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، لە هەمان ڕۆژ، لاوێکی دیکەی کورد بە ناوی "محەممەد فەقیزادە"، خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

ئەو دوو لاوە کوردە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.