دوو لاوی کورد بە هۆکارێکی نادیار لە کامیاران دەسبەسەر کران

14:50 - 23 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو لاوی کورد، بە ناوەکانی \"سەلاح ڕەعنایی و حەمید بێهجەتی\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەمید بێهجەتی پاش یەک ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگە ئازاد کراوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بە سەر موبایلی ناوبراویان گرتووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی: سەلاح ڕەعنایی هێشتا لە دەسبەسەریدایە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەم لاوە کوردە لە بەردەستدا نییە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ڕەعنایی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە بارەی هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم دوو لاوە کوردە لە بەردەستدا نییه.