دوو لاوی کورد بە هۆکاری نادیار گیانیان لە دەستدا

22:15 - 12 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کورد بە هۆکاری نادیار لە شاری دیواندەرە گیانیان لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕ، دوو لاوی خەڵکی گوندی \"کۆڵ\" لە شاخەکانی دەورووبەری ئەو گوندە بە هۆکاری ناڕوون گیانیان لە دەست‌دا.

شوناسی ئەو دوو لاوە کوردە سەید ڕەزا حوسێنی و سەید جەمیل حوسێنی ڕاگەیەنراوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەو دوو ڵاوە تەمەن ٢٣ و ٢٤ ساڵە، ڕۆژی هەینی دەڕۆنە شاخەکانی دەورووبەری ئەو ناوچەیە بۆ کۆکردنەوەیی ڕووەکی سروشتی و لەوێ گیانیان لە دەست داوە.

هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری بەخشداری ساڕاڵ ڕاگەیاندووە: مردنی ئەو دوو لاوە کوردە بە هۆی ڕووداوی سروشتی \"هەورەتریشقە\" بووە، بەڵام هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ بە ئاژانسی \"کوردپا\"یان ڕاگەیاندووە، هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەو دوو هاووڵاتییە ناڕوونە.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا بارانی بە خۆڕ لەگەڵ هەورەتریشقە لەو ناوچەیە ڕووی نەداوە.

تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، دوای چەند کاتژمێر گەڕان لە لایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە لە شوێنک بە ناوی \"دۆڵە وشکە\" لە نێوان گوندەکانی کۆڵ و دۆزەخەرە لە تەنیشت بەردێکدا دۆزراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری گیان لە دەستدانی ڕەزا و جەمیل ناڕوونە و گومانی ئەوە دەکرێت کە ئەو دوو لاوە کوردە کوژرابن.