دوو لاوی مەریوانی و مامۆستایەکی کورد پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان لە زیندان ئازاد کران

15:58 - 18 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ، دوو لاوی خەڵکی گوندی \"نێـ\"ـی مەریوان بە ناوەکانی \"زانیار مینویی\"، کوڕی فاتێح و \"هادی ڕاستی\" کوڕی فایەق، پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان لە زیندان ئازاد کران.

نەورۆزی ساڵی ٩٥، ئەم دوو لاوە \"نێـ\"ـییە، بە تۆمەتی \"بێڕێزیکردن بە ئاڵای کۆماری ئیسلامی، لە ڕێوڕەسمی نەورۆز\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە دەسبەسەر کران.

ئەم دوو لاوە کوردە، لە لایەن دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێرانەوە لە شاری مەریوان، بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" هەر کام بە دوو ساڵ و دوو مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

لە لایەکی دیکەوە، موختار ئەسەدی، یەکێک لە چالاکانی سێنفی مامۆستایان پاش تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە، بە هۆی ڕێگری لە پێدانی مورەخەسی نەورۆزی دەستی دابووە مانگرتنەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢٧ی خەرمانان، \"موختار ئەسەدی\" مامۆستای زمانی ئینگلیزی و ئەندامی کانوونی سێنفی مامۆستایانی کوردستان، لە دادسەرای تاران دەسبەسەر کرا و بۆ تێپەڕاندنی ساڵێک زیندانی تەعزیری بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.