دوو لاوی مەریوانی لەکاتی مەلە کردن لەئاودا خنكان

16:01 - 17 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: دوو لاوی تەمەن ١٩ و ٢٠ ساڵان بە هۆی شارەزا نەبوون لە مەلە کردن و لە دەست دانی كۆنترۆڵی خۆیان لەكاتی مەلە كردن لەیەكێك لەچۆمەکانی ناوچەی مەریوان گیانیان لەدەست‌دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٥‌ی جۆزەردان دوو لاوی کورد بەناوەكانی هێمن كوڕی محەممەد و محەممەد كوڕی عەلی خەڵكی ئاوایی \"جێژنی‌ئاوای\" مەریوان لەنێو چۆمی نزیك ئەو ئاوایەیدا خنكان.

تەرمی ئەو دوو لاوە کوردە، لەلایەن خەڵكی ئاواییەكەوە لەئاو دەرهێنراوەتە و ئەسپەردەی خاك كراون.

ساڵانە لەوەرزی بەهار و هاوێنیدا ژمارەیەكی بەرچاو لەهاووڵاتیان لەنێو چۆم و رووبارەكانی كوردستاندا دەنخكێن.

شارەزا نەبوون لە مەلەكردن، لەدەست دانی كۆنترۆڵ و نەبوونی نووسراوە یان هێمای ئاگاداركردنەوەی شوێنە مەترسیدارەكانی ناو رووبار و چۆمەكان، لەهۆكارە سەرەكییەكانی خنكان لەئاودا لە قەڵەم ئەدرێن.