دوو لاوی مەریوانی دەسبەسەر کران

14:27 - 29 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی \"ئارام نیک ‌پەی\" تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی \"عەزیز\" و \"عەبدوڵڵا بەشتام\" تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی \"ڕەمەزان\"، خەڵکی گوندی \"نێـ\"ـی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها ڕایگەیاند: \"ئەو دوو لاوە کوردە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، دەسبەسەر کراون\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.