دوو لاوی دیکە لە بۆکان دەسبەسەر کران

17:35 - 17 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕ، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی "ئەحـمەد ناسری و جەلال ناسری" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری ئەو دوو لاوە کوردە لە گەڕەکی "میرئاوا" و بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەوانیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "جەلال ناسری پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە، بەڵام ئەحمەد ناسری لە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەرە".

هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو لاوە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕ، لاوێکی بۆکانی بە ناوی "ئیبراهیم ڕەحمانی" کوڕی "عەزیز" خەڵکی گوندی "عەباس ئاوا"ی ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.