دوو لاوی دیواندەرەیی حوکمی زیندانی کرانیان بۆ برایەوە

21:19 - 29 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە، دوو لاوی کوردی بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو لاوی کوردی خەڵکی شارستانی دیواندەرە لە ئوستانی کوردستان بەناوەکانی \"ئەمجەد عەلیزادە و عەبدوڵڵا، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

دادگای ئینقلابی شاری سنە، عەبدوڵڵای بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردووەو هەتا ئێستاش روون نەبۆتەوە، کە دادگا چ حوکمێکی بۆ ئەمجەد عەلیزادە بڕیوەتەوە.

ئەو دوو لاوە کوردە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\"یان درابوویە پاڵ و بەو تۆمەتەش دادگایی کراون.

دەگوترێت، ئەو دوو لاوە کوردە سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ دادگایی کراون.

تێکڕای حیزبە خاوەن رابردووەکانی کوردستانی ئێران، هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسی و رێکخراوەییان لێ قەدەغە کراوەو لەگەڵ ئەمەشدا ئەندامانی ئەو حیزبانە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران، زیندانی، ئەشکەنجە و تەنانەت بەرەوڕووی سزای لەسێدارەدانیش دەبنەوە.