دوو لاوی خەڵكی گوندی "نێ"ی مەریوان بانگهێشتی دادگا كران

15:10 - 19 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: دوو لاوی خەڵكی گوندی \"نێ\"ی سەر بە شاری مەریوان كە ماوەیەك لەمەوپێش لە زیندان ئازاد كران، سێ‌ رۆژ لەمەوپێش بانگهێشتی دادگای شۆڕشی شاری مەریوان كران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، وریا فەرەجی تەمەن 25 ساڵ و كوڕی عەبدوڵڵا و پشتیوان ئەفسەری تەمەن 20 ساڵ و كوڕی زۆراب هەر دوو خەڵكی گوندی \"نێ\"ی سەر بە شاری مەریوان رۆژی یەكشەممە 16ی رەزبەر بانگهێشتی دادگای شۆڕشی شاری مەریوان كراون و لێپرسینەوەیان لێكراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە رۆژی هەینی رێكەوتی 19ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە سنووری \"پیران\" لە كاتی گەڕانەوە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر كراون.

وریا فەرەجی و پشتیوان ئەفسەری پێشتریش لە مانگی گەلاوێژدا لە دادگای شۆڕشی شاری مەریوان دادگایی كرابوون و رێكەوتی 24ی گەلاوێژ ئازاد كرابوون.

هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تاوانی ئەو دوو لاوە كوردە رانەگەینراوە.

وێڕای ئەو دوو هاووڵاتییە \"ئیدریس\" كاوە كوڕی كەریم تەمەن 28 ساڵ، حەمید پەرهیزكار كوڕی ئەحمەد و تەمەن 18 ساڵ، عادڵ پەروازە كوڕی رەحمان تەمەن 19 ساڵ و بورهان كیانپوور كوڕی عوسمان و تەمەن 17 ساڵ\" چوار لاوی خەڵكی ئاوایی \"نێ\"ی سەر بە شاری مەریوان كە رێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە بەهۆی ناڕوون دەستبەسەر كرابوون، پاش دادگایی كردنیان رێكەوتی 26ی گەلاوێژ ئازاد كران.