دوو لاوی خەڵکی گوندی "نێ" بە شێوەی کاتی ئازاد کران

10:23 - 5 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، پاش تەواوکردنی قۆناغی لێکۆڵینەوەکەیان، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕەزبەر، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی "کارۆ کاوە"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی "عەبدوڵڵا" و "سینا جاست"، کوڕی "سالار"، خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کران.

 ئەو دوو لاوە کوردە، سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو دوو لاوە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردبوو.