دوو شاکار و بەرهەمی ئەدەبیی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

16:04 - 29 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو بەرهەمی نووسەر و شاعیرانی کورد، مامۆستا شێرکۆ بێکەس و ئەحمەد قازی لەچاپ دراوە و بەم نزیکانە لەرێوڕەسمێکدا نواندنیان بۆ دەکرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کتێبی شێعریی \" پنجرەهایی رو بە سپیدە دم\" کە گوڵبژێرێک لەشێعرەکانی شێرکۆ بێکەسی لەخۆگرتووە لەچاپ دراوە.

\"28433.jpg\"
ئەو بەرهەمە ناوازەیە لەلایەن \"نیروان رەزایی\" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و بڕیارە رێوڕەسمی نواندنی و پەردەلادانەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژ لەشاری تاران بەڕێوە بچێت.

لەو رێوڕەسمەدا چەندین کەسایەتی ئەدەبیی و هونەریی وەکوو د. قوتبەدین سادقی، فەریاد شیری، مستەفا بەیگی بەشدار دەبن.

رێکەوتی١٣ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ شاعیری بەئەزموون و ئەستێرەی پڕ بەهرەی دونیای ئەدەبی کوردی مامۆستا شێرکۆ بێکەس بەهۆی نەخۆشیی شیرپەنجەی قوڕگەوە لەنەخۆشخانەی ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید کەژاوەی ژیانی بەرەو نەمان رۆیشت.

هەتا ئێستا ٣٥ بەرهەمی ئەو کەسایەتییە ئەدەبییە لەقاڵبی کتێبی شێعر، رۆمان، کورتە شێعر و شانۆنامەدا چاپ و بڵاو کراونەتەوەو لە وڵاتی ئێرانیش چەندین نووسەری وەک \"سەید عەلی ساڵحی، فەریاد شیری، عەزیز ناسری، ئەحمەد شاملوو، رەزا کەریم موجاور، محەممەد رەئووف مورادی مەریوان هەڵەبجەیی بەرهەمەکانی ئەو شاعیرە کوردەیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی.

\"28432.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە کتێبی \" کلیلە و دێمنە\" کە لەلایەن کۆچکردوو ئەحمەد قازییەوە لە فارسییەوە کراوە بە کوردی لەچاپ دراوە.

بڕیارە ئەو بەرهەمە ناوازەیە لەمانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لە ناوەندی توێژینەوەی کوردستان ناسی زانکۆی سنەوە بە ئۆگرانی ئەدەب و هونەر بناسێنرێت.

ئەدیب، نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد مامۆستا ئەحمەد قازی پاش چەند ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ شێرپەنجەی ریخۆڵە سەرەنجام لەتەمەنی ٧٩ ساڵیدا مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کتێبەکانی \" دن کیشوت\" و \" گیل گمش\" لە شاکارە ئەدەبیی و وەرگێرانەکانی ئەو ئەدیبە کوردەن. ئەو نووسەرە ناسراوە خاوەنی زیاتر لە ٢٠ بەرهەمە.