دوو شاخەوانی کورد لە چیاکانی دەوروبەری کرماشان و مەهاباد گیانیان لەدەست دا

16:24 - 16 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەنگێزە و لێزمە بارانی چەند رۆژی رابردوو لە شاری مەهاباد، گیان لەدەست دانی شاخەوانێکی ناسراوی کوردی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی شاخەوانیی شارستانی مەهاباد بەناوی حامید کەرباسی، لە ئەنجامی باران بارینی شەوی هەینی، رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ، گیانی لەدەست دا.

\"20951.jpg\"
ئەو وەرزشڤانە کوردە، لە شەوی رووداوەکەداو بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ نێوشاری مەهاباد، کەمپی شاخەوانیی (سێ کانیان)ی بەجێهێشتبوو، کەلە نیوەی رێگەدا و لە نزیک مەیدان تیر، تووشی لافاو هاتبوو.

پێشتر گروپی فریاکەوتنی (کوێستان)ی مانگی سووری مەهاباد، دوو کارتی پێناس، مۆبایل و جلیسقەی ئەو شاخەوانە تەمەن ٥٠ ساڵەیان دۆزیبوویەوە.

حامید کەرباسی، ئەندامی لێژنەی شاخەوانیی شارستانی مەهاباد بوو.

\"20950.jpg\"
لووتکەی چیای فەرۆخ‌شاد
هەروەها رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە، شاخەوانێکی تەمەن ٤٢ ساڵەی کرماشانی بەهۆی بەربوونەوە لە لووتکەی چیای فەرۆخ‌شاد، گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو شاخەوانە کوردە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا روون نەبۆتەوە.

لەئەنجامی ئەو باران بارین و لافاوانەی چەند رۆژی رابردوو لە کوردستانات، نزیک بە ٧.٥ ملیارد ریاڵ زیان بە باخاتی سێو و بەرهەمە وەرزێڕییەکان گەیشتووە.