دوو ساڵ بەسەر رووداوی شیناوێدا تێپەڕی و کچانی شیناوێ هەتا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە

13:21 - 16 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ئەمساڵ و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢ ساڵ بەسەر رووداوی ئاگر کەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێدا، هەتا ئیستا ئەو کچە قوتابییانەی کە لەو رووداوەدا بوونە قوربانی، قەرەبوویان بۆ نەکراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا بڕیار بوو لە حەفتەی رابردوودا دیەی کامڵی کچانی شیناوێ بدرێ، ئەو بریارە سەری نەگرت.

کچە قوتابیانی گوندی شیناوێ لە ئەمساڵدا و بۆ وەرگرتنی دیەکانیان سێ جار لەبەردەم دەفتەری سەرکۆماریی حکوومەتی ئیسلامی لە شەقامی پاستۆری تاران مانیان گرت.

دوو حەفتە پێش ئێستا، پارێزەرانی ئەو کچە قوتابییانە لەگەڵ ئوستانداریی ورمێ کۆبوونەوە، کە بریار بوو لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا دیەکانیان پێ بدرێ، بەڵام بە گوتەی موراد مەعرووفی باوکی ئەسرین مەعرووفی، یەکێک لە کچە قوتابیانی شیناوێ، بڕیاری دانی دیەیەکە هەڵوەشێندرایەوە.

عوسمان موزەیەن پارێزەری دۆسیەی کچە قوتابیانی شیناوی، رایگەیاندووە؛ سارینا رەسووڵزادەو سەیران یەگانە کەلە رووداوی شیناوێدا گیانیان لەدەست داوە بنەماڵەکانیان تەنیا نیوەی دیەکەیان پێدراوە.

موزەیەن سەبارەت بە هۆکاری نیوە کردنی دیەی ئەو کچە قوتابیانەی شیناوێ گوتوویەتی؛ لە یاسای حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا ئەگەر کچێک دیەی بەر بکەوێ لەگەڵ کوڕ بەرابەرە، بەڵام ئەگەر دیەکە یەک لەسەر سێ (ثلث) زیاتر بوو، دیەکەی نیوە دەبێ، واتە ئەگەر دیەی کچێک بووە لەسەدا ٣٤، تەنیا لەسەدا ١٧ی دیەکەی پێ ئەدرێت.

ئەو پارێزەرە کوردە، کە هاوڕێ لەگەڵ حوسێن ئەحمەدی نیاز، دۆسیەی ئەو کچە قوتابیانەی بە ئەستۆ گرتووە، باسی لەوەش کردووە؛ ١٥ کەس لە کچە قوتابیانی شیناوێ دیەکانیان لە یەک لەسەر سێ زیاترە،بەڵام بەداخەوە ساڵی رابردوو ٧ بنەماڵەی کچە قوتابیانی شیناوێ، بە نیوەی دیەکەیان رازی بوون و دیەکانیان وەرگرت.

بە گوتەی موزەیەن، شیرکەتی بیمەش بەپێی گرێبەستێک کە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا هەیەتی، هەتا ١٥٠ ملوێن تمەن دیەی قوتابیانی ئەدات، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە دیەی ئەو کچە قوتابییانە لە ١٥٠ ملوێن تمەن زۆر زیاترە.

کچانی شیناوێ، رێکەوتی ١٠ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ و پاش سێ جار مانگرتنی لەبەردەم دەفتەری سەرکۆماریی حکوومەتی ئیسلامی، لە دانیشتنێکدا هاوبەشی خۆیان و پارێزەرانی دۆسییەکانیان لەگەڵ جێگری بەرپرسی پلاندانان و چاوەدێریی حکوومەتی ئیسلامی، بەڵێنیی قەرەبووکردنەوە و پێدانی دیەی کامڵییان پێدرا، بەڵام سەرەڕای چەندین جار بەلێنیی بەرپرسانی حکوومەتی، هەتا ئێستا دیەی ئەو کچانە نەدراوە.

رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ٣٧ کچە قوتابیی قوتابخانەی پۆلی چواری سەرەتایی گوندی شیناوێی پیرانشار بەهۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی پۆلەکەیان تووشی سووتان بوون و دواتریش ٢ کەسیان بەهۆی قووڵیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست دا.

کچە قوتابیانی شیناوێ، سەرەڕای قەرەبوو نەکرانەوەی خەسارەتی گیانی و ماڵییان و هەروەها خراپ بوونی بارودۆخی جەستەییان، هەتا چەند رۆژ پێش ئێستا لە (نمازخانە)ی قوتابخانەکەیان وانەیان پێ دەگوترایەوە.

ئا: ئارام حاجی‌پوور

\"23496.jpg\"

\"23495.jpg\"

\"23497.jpg\"

\"23498.jpg\"

\"23499.jpg\"

\"23494.jpg\"