دوو زیندانیی کورد لە پەتی سێدارە ڕزگاریان بوو

16:01 - 3 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی کوردی خەڵکی شارەکانی ورمێ و نەغەدە، کە بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\" بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە پەتی سێدارە ڕزگاریان بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣ی گەلاوێژ، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی \"شاهین غوڵامی\"، خەڵکی ورمێ و \"محەممەد تەیمووری\"، خەڵکی شاری نەغەدە، بەهۆی لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکان، لە پەتی سێدارە ڕزگاریان بوو.

ئەو دوو زیندانییە کورد، لە بەندەکانی ١ و ٢ی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا بوون.
ڕۆژی ڕابردوو، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە بەندەکەیان بۆ بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانیان، بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو زیندانە ڕاگوێزرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\"، لە لایەن دەزگای قەزاییەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، کە بە ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکان، لە پەتی سێدارە ڕزگاریان بوو.