دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی شنۆ بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزران

11:28 - 25 جۆزەردان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان، کەماڵ قویتاسی و عەزیز قادرتاج، دوو زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شنۆ لە زیندانی ئەو شارە، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕاگواستنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بۆ زیندانی نەغەدە لەسەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ بووە.

ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردان، کەماڵ قویتاسی پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی جێبەجێکاریی سزاکانی دادگای ئینقلابی شنۆ، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو.

کەماڵ قویتاسی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٩، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردان، عەزیز قادرتاج مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی گوندی "نەرزیوێـ"ـی شاری شنۆ، پاش بانگهێشتکرانی بۆ دادگای ئینقلابی ئەو شارە دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو مامۆستا کوردە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە پێی ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی عەزیز قادرتاج و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ۱۳ی ڕەشەمە ساڵی ٩٩، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرا و ڕۆژی پێنجشەممە ۱٤ی ڕەشەمە، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.