دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری سنەدا لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین

16:05 - 9 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی تەندروستیی دوو زیندانیی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، نالەبار ڕاگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە، لەگەڵ چارەسەریی پزیشکی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام، لە دەرەوەی زیندان دژایەتی دەکەن.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە زینداندا گورچیلەکانی چڵکیان کردووە.

ئەمجەد حوسێن‌‌پەناهی وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند: \"ئەنجامی تاقیکارییە پزیشکییەکانی بێهداریی زیندانی شاری سنە، نیشان دەدات ڕامین حوسێن‌پەناهی گورچیلەکانی چڵکیان کردووە و لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبات.

ناوبراو دەڵێت: \"بە وتەی ڕامین، ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بووەتە هۆی ئەوەی کە گورچیلەکانی خوێنڕیژی بکات و چڵک بکەن\".

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤە هەروەها دەڵێت: \"بەرپرسانی زیندان لە چارەسەریی پزیشکی ڕامین خۆ دەبوێرن و پێیان ڕاگەیاندووە کە تۆ بەم زووانە ئێعدام دەکرێت و پێویستت بە چارەسەریی پزیشکی نییە\".

ئەمجەد حوسێن‌پەناهی هەروەها دەڵێت: \"ئەفشین حوسێن‌پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی، کە بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کراوە، بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەوە، لە بارودۆخێکی خراپی جەستەییدا بەسەر دەبات و بەرپرسانی زیندان لەگەڵ چارەسەریی ناوبراویش دەژایەتی دەکەن.