دوو زیندانیی سیاسیی کورد، بەرەوڕووی پەروەندەسازی و هەڕەشەی دوورخرانەوە بوونەتەوە

16:18 - 24 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتا هەتایی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی دوور خستنەوەیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عومەر فەقێ‌پوور و خالید فەرەیدوونی دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە ماوەی ١٤ ساڵە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەستبەسەری‌ دان، چەند رۆژ پێش ئێستا بانگهێشتی بەشی ناردن(اعزام)ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کراون و هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لێکراوە.

سەرچاوەیەک لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە ئاگادار کراونەتەوە، کە پەروەندەی نوێ‌یان بۆ دروست کراوە و ئەگەری زۆرە بەو هۆیەوە بەرەوڕووی دادگایان بکەنەوە.

هەتا ئێستا تۆمەتی وەپاڵدراوی عومەر فەقی‌پوور و خالید فەرەیدوونی روون نەبۆتەوەو هەنووکە ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە لە بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری‌دان.

عومەر فەقێ‌پوور تەمەن ٤٧ ساڵ و کوڕی رەسووڵ، هاورێ لەگەڵ خالید فەرەیدوونی رێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧٩ لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران و دواتر بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان حوکمی سێدارەیان بۆ بڕایەوە و رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٣٨٤ حوکمەکەیان بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

ئەو دوو زیندانییە کوردە رێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان لە زیندانی ناوەندیی \"ورمێ\"وە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج دوور خرانەوە.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەر کرانیانەوە هەتا ئێستا، سەرەڕای چەندین جار داواکردن و نووسنی نامە بۆ بەرپرسانی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئیزنی چوونە مەرەخەسییان پێنەدراوە.

وێنەی دوو مانگ پێش ئێستای عومەر فەقێ‌پوور لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج
\"20516.jpg\"