دوو زیندانیی سیاسیی کورد بۆ دادگای سنە ڕەوانە کران

14:38 - 5 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی سەقز، لە دادگای سنە ئامادە بوون، بەڵام هیچ حوکمێکیان بۆ نەبڕایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار دوو زیندانیی سیاسیی کورد، بە ناوەکانی \"هووشمەند عەلیپوور\"، خەڵکی سەردەشت و \"محەممەد وەستاقادر\"، خەڵکی سەقز بۆ تەمێڵکردنی دۆسیەکەیان لە دادگای سنە ئامادە بوون.

بە وتەی پارێزەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، وێڕای پارێزەرەکەیان لە دادگای سنە ئامادە بوون، بەڵام هیچ حوکمێکیان بۆ دەر نەکرا.

پارێزەری ئەو دوو زیندانییە سیاسییە وتوویەتی: \"دۆسیەی ئەو دوو زیندانییە لە قۆناغی تەکمێڵکردنان و دوای دادگاییکردن، کۆتایی بە دۆسیەکەیان دێت\".

یەکێک لە نزیکانی هووشمەند عەلیپوور، باسی لەوە کردووە، دادگاییکردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، حەتووی داهاتوو بەڕێوە دەچێت و هەتا کاتی دادگاییکردنیان لە زیندانی سنە ڕادەگیردرێن.

هووشمەند عەلیپوور توانیویەتی لەگەڵ بنەماڵەی خۆی قسان بکات، بەڵام بنەماڵەی ناوبراو لە بڕینەوەی حوکمی دادگا نیگەرانن.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.