دوو زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ ڕاگوێزران

13:31 - 23 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بە ناوەکانی "سابیر شێخ ئیسلامی و دیاکۆ ڕەسووڵ ‌زادە" خەڵکی مەهاباد، لە بەندی ١_٢ زیندانی ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و ئەگەری جێبەجێکردنی ئێعدامی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بەم نزیکانە لە ئارادایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هاوبەندییەکانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامە هەتا ژووری تاکەکەسی ئەوانیان ڕەوانە کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.

"سابیر شێخ عەبدوڵڵا"، کوڕی "مستەفا" و خوێندکاری پێشووی کارناسیی باڵای زانکۆی عەلامەی یەکسانیی شاری تاران و "دیاکۆ ڕەسووڵ ‌زادە" لە ساڵی ٩٢وەوە لە زینداندان و پاش ڕەتکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانیان لە دیوانی باڵای وڵات، ساڵی ٩٦ دووبارە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "چابوک" بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تەقینەوە" و "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە پاش داسەپاندنی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ، لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابووەوە.

حوکمی ئێعدامی "حوسێن عوسمانی" یەکێکی دیکە لە هاودۆسیەکانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامە، لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سی ساڵ زیندانیی تەعزیری  و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو.

"سابیر شێخ عەبدوڵلا، حوسێن عۆسمانی و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە"، مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٢ لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەسبەسەر کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ناوەڕاستی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٣، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەحمەد جەوادی کیا" بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تەقینەوە" و "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" بە ئێعدام مەحکووم کراون.

وزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٣، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەی کۆتایی مانگی خەرمانانی ساڵی ٨٩ی مەهاباد و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار کرد.

پێشتریش، یەکێک لە هاوڕێ خوێندکارەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: "دۆسیەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا کەوتە ژێر دەستی وەزیری ئیتلاعات و ڕاستەوخۆ بووە قوربانیی ئەو ناوەندە ئەمنییەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە کە سابیر ئاگاداری ئەو تەقینەوەیەش نەبووە".

پێشتر، کەس و کاری ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی مەهاباد ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکانیان لە ماوەی دەسبەسەریدا لە گرتنگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بە مەبەستی وەرگرتنی "دانپێدانانی تێلێڤیزیۆنی"، بەتوندترین شێوە ئەشکەنجە کراون.