دوو زیندانیی سیاسی کورد چارەنووسیان ناڕوونە

16:52 - 24 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسی کورد، سەرەڕای تەواو بوونی ماوەی زیندانییەکەیان، هێشتا هەر لە زیندان ڕاگیراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی \"یووسف کاکەمەمی و عەلی ڕەزا ڕەسووڵی\"، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەیان، هەێشتاش لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ‌دان.

یووسف کاکە مەمی، بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٨٦ی هەتاوی، دەستبەسەر، و دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، ٩ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بڕیبووەوە.

بەپێی بڕیاری بەشی بەڕێوەبەریی حوکمی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕێکەوتی ئازاد کردنی ئەو زیندانییە کوردە، ٢٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ ڕاگەیەنرابوو، بەڵام بە هۆی ساز کردنی دۆسیەیەکی نوێ بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە مانگی بەفرانباری ٩٤ەوە، هێشتا لە زیندان ڕاگیراوە.

لە دوسیە سازیی نوێیدا، یووسف بە تاوانی نامە نووسین بۆ دەفتەری ڕێپورتێری تایبەت بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

هەروەها، عەلی ڕەزا ڕەسووڵی، پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەی پشتیوانی لە کچانی شیناوێ، بە تاوانی ئەمنیەتیی دژی تەناهیی نەتەوەیی، لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەممەی ٩١ی هەتاوی دەستبەسەر، و لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشارەوە بە ٤٢ مانگ زیندان حوکم داربوو.

عەلی ڕەزا لە مانگی جۆزەردانی ٩٤ی هەتاوی، بە تاوانی ناڕەزایەتی لە شاری مەهاباد بە نیسبەت مردنی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، بەشداری لە مانگرتنی ٣٣ ڕۆژەی زیندانییانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام ، و تاوانی پەیوەندییدار بە مادەی هوشبەرەوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

عەلی ڕەزا لە ڕەنج نامەیەکدا، سەبارەت بە ناجێگربوونی باری تەندروستیی خۆی نوسیوویەتی: من نەخۆشم و سەرەڕای چارەسەری سەرەتایی، لەلای چەپی مێشکمەوە \"تومور\"ێك هەیە و کڵوکی لاقی ڕاستیشم بە تەواوەتی شکاوە.