دوو زیندانیی سیاسی کورد به ١١ ساڵ زیندانیی دوورخرانەوە مەحکووم کران

14:36 - 19 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شارەکانی نەغەدە و پیرانشار، لە لایەن لقی ٢ی دادگایی ئینقلابی شاری ورمێ بە ١١ ساڵ زیندانیی دوورخرانەوە مەحکووم کران.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژ، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی \"حەسەن گەڵوانی\" خەڵکی شاری نەغەدە و \"واحید بێهبەهانی\" خەڵکی شاری پیرانشار، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران\" بە ١١ ساڵ زیندانیی دوورخرانەوە، مەحکووم کران.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش دوو مانگ ڕاگرتنیان لە گرتووخانەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزران.

لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حەسەن گەڵوانی بە ٥ ساڵ دوورخراوە بۆ زیندانی ئەردەوێڵ و واحید بێهبەهانیشی بە ٦ ساڵ زیندانی دووخراوەیی بۆ زیندانی قەزوین مەحکووم کردوە.

ئەم بڕیارە کە لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە دراوە، بە شێوەی فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە و ئەو دوو زیندانییە سیاسیە کوردە مافی ناڕەزایەتی دەربڕینیان لە سەر ئەو حوکمە هەیە.