دوو زیندانیی سیاسی ٨ مانگ زیندانی زیادیان بە سەردا سەپا

21:21 - 21 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سزای ٨ مانگ زیندانی زیادی بە سەر دوو زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ناوەندی شاری تەورێزدا سەپاند.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان،\"محەممەدئەمین ئاگووشی زیندانیی سیاسی کورد لەگەڵ ئیرج محەممەدی\"، لە گرتووخانەی ناوەندی شاری تەورێز، کە ماوەی زیندانی بوونەکەیان ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵە، لەلایەن بەرپرسانی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە پێیان ڕاگەیەندراوە، کە دەبێت ٨ مانگی دیگە لە زینداندا بمێنەوە.

ئاگووشی کە وێڕای ئیرەج محەممەدی و ئەحمەد پوولادخانی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی‏دا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە هەر یەکیان بە ١٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوون، هەنوکە ٨ مانگ دیکە زیندانیان بە سەردا سەپاندوون.

لەو پەیوەندییەدا، محەممەدئەمین ئاگووشی ڕایگەیاندووە، هەتا بەیانی لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەو کێشەیە لە دادسەرای نیزامیی شاری تەورێز مان دەگرێت.

محەممەدئەمین ئاگووشی تەمەن ٥٩ ساڵە و مامۆستای خانەنشین کراوە کە لە ١ی خاکەلێوەی ساڵی ٨٦ لە لایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای ورمێ لە شاری پیرانشار بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دەسبەسەر و ماوەی ٨ مانگ لە ژووی تاکەکەسی دابووە و دواتر پاش دادگایی کردنی بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی زاهیدان مەحکووم کرا و مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی بۆ زیندانی ناوەندی شاری تەورێز گوازرایەوە.

ئیرەج محەممەدی خەڵکی میاندواو، ،محەممەد ئەمین ئاگووشی و ئەحمەد پوولادخانی خەڵکی شاری پیرانشارن.