دوو زیندانی کورد لە زیندانیی سنە چارەنووسیان دوای ٢ ساڵ ناڕوونە

15:41 - 30 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی کورد خەڵکی شاری کامیاران بۆ ماوەی دوو ساڵە لە زیندانی سنە دان و چارەنووسیان هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانیy کورد بە ناوەکانی \"حەیدەر قوربانی\" کوڕی عەلی و \"مەحموود سادقی\" کوڕی عارف خەڵکی شاری کامیاران لە گرووخانەی ناوەندی شاری سنە بۆ ماوەی دوو ساڵە چارەنووسیان ناڕوونە.

پاش دوو ساڵ لە ناڕوونی چارەنووسی ئەم دوو زیندانییە کوردە، هەتا ئێستا بۆ تۆمەتەوەپاڵدراوەکانیان دادگایی نەکراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی شاری سنە، دەستێوەردان دەکات لە ڕەوتی دۆسیەی ئەو زیندانییە کوردە و بەو هۆکارەوە هەتا ئێستا حوکم بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە نەبڕدراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعات بە دەستێوەردان لە ڕەوتی دادگایی کردنی ئەم دوو زیندانییە کوردە، هەوڵ دەدات سزای قورسی قەزاییان بە سەردا بسپێنی.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ناڕوونبوونی چارەنووسی ئەو دوو زیندانییە کورد نیگەرانیی لای بنەماڵەکانیانی لێکەوتووتەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی، کۆتایییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هاوکاریی بۆ \"تێرۆر\" کردنی چەند کەسێک لە دەستوپەیوندییەکانی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر و مەحکووم کردووە.

مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تەلەفزیۆنی ئینگلیزی زمانیی \"پرێس تیڤی\" بە نیشاندانی ڤیدئۆیەکی دێکومێنتاری بە ناوی \"رانندە مرگ\"، بەشێک لەو فیلمە دانپێنانە زۆرەملێیەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.

هەروها مەحموود سادقی ١٠ رۆژ پاش دەسبەسەرکرانی حەیدەر قوربانی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعەتەوە بە هەمان تۆمەت دەسبەسەر کراوە.