دوو زیندانی لە زیندانیی شاری سەقز مانیان لە خواردن گرت

20:01 - 14 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو بەندکراو لە زیندانیی شاری سەقز بە هۆی ناڕەزایەتی لە هەمبەر ڕەوتی حقووقی دۆسیەکەیان ماوەی ٢٢ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانی لە زیندانیی ناوەندیی شاری سەقز بە ناوەکانی\"شاهین عوبیدیان\" ماوەی ٢٢ ڕۆژە بە هۆی ڕەوتی حقووقی دۆسیەکەی و درێژبوونەوەی ماوەی بەندکرانی دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

شاهین عوبیدی بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە مەشرووباتی ئەلکۆڵی بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و دانی ٥٠ میلیۆن تمەن سزا مەحکووم کرابوو، پاش تێپەڕینی ٢٧ مانگ لە ماوەی سزاکەی هێشتا لە زیندانی سەقز دایە.

ئەو زیندانییە بە هۆی نەبوونی توانی دانی ئەو بڕە پارەیەوە ماوەی ١٥ مانگی زیادی لە زیندان دایە و بەو هۆیەوە مانی لە خواردن گرتووە.

لە لایەکی دیکەوە، \"هیوا حوسێنی\" زیندانییەکی دیکە لە زیندانی شاری سەقز بە تۆمەتی ١١ حاڵەتی دزی کردن ماوەی ٢٢ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و بە وتەی ئەو زیندانییە دادوەر بەبێ \"ادلە\"ی تەواو و بە هۆی \"سوسابقە\" ی ئەو زیندانییە بڕیاری دەستبەسەرکردنی داوە.