دوو زیندانی لە زیندانی ورمێ ئێعدام کران

12:09 - 13 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێیەوە، جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی سەرماوەز، دوو زیندانی بە ناوەکانی "عەلی مەحموودپوور" و "مورتزا ئەشەرەفی" بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لەسێدارەدران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: "ئەو دوو زیندانییە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەز، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی ژووری  تاکەکەسی کران".

ئەو دوو زیندانییە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەسبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بە قیساس مەحکووم کرابوون.