دوو زیندانی تازە مەسیحیی لە زیندانی ئێڤین مانیان لە خواردن گرتووە

15:26 - 25 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانی تازە مەسیحی کە بە هۆی گۆڕینی دینیان لە ئیسلامەوە بۆ دینی مەسیحییەت ماوەیەک لەوە پێش قۆڵبەست کرابوون، ئێستا مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"هادی عەسکەری\" لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندانەوە، مانی لە خوارن گرتووە و هەروەها زیندانی تازە مەسیحی \"ئەمین ئەفشار نادری\"ش ماوەی هەشت ڕۆژە لە رێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانەوە مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵەکان، ئەفشار نادری\" بە هۆی مانگرتنییەوە، پەستانی خوێنی دابەزیوە و بەرپرسانی زیندانیش چارەسەری پزشکییان بۆ ئەم زیندانییە نەکردووە.

بنەماڵەی ئەم دوو زیندانییە ڕایانگەیاندووە کە لە مانگی خەرمانانەوە تاکوو ئێستا چارەنووسی کورەکانیان نادیارە و کەس لە بەرپرسانی زیندان وەڵامدەریان نەبووە.

ئەو دوو زیندانییە کە بە هۆی گۆڕینی ئاینییان لە ئیسلامەوە بۆ مەسیحییەت دەست بەسەر کراون ، لە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی لەگەڵ ١٢ کەسی دیکە لە \"فیروزکووه\" قۆڵبەست و بۆ ماوەی ٨٢ ڕۆژ لە ژووری تاکە کەسیی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگیران؛ دواتریش بۆ بەندی ٤ی زیندانی ئێڤین گوازرانەوە.