دوو زیندانی بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانی ورمێ کران

12:35 - 22 رەشەمه 2719

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ڕەشەمە، دوو زیندانی بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ناوەکانی "کوورش موحیبی و سەجاد حەمیدی" لە بەندی ١ و٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گوازرانەوە.

ئەو دوو زیندانییە سەرەتا بۆ بێهداریی زیندان و دواتر بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کران.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، زیندانییەک بە ناوی "سەلمان سلێمان نژاد"، بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ٣ و ٤ی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گوازرایەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەشەمە، زیندانییەکی سوننی مەزهەب بە ناوی "محەممەد قەنبەردوست" کوڕی "ئەبووبەکر" بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان.

هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی ڕەشەمە، یەکێک لە زیندانییانی بەندی ١٤ بە ناوی "ڕەشید" کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، لەلایەن پەرستارەکانی بێهداریی زیندان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان ڕەوانە کرابوو.

لەو پەیوەندییەشدا، ڕۆژی هەینی، ٩ی ڕەشەمە، زیندانییەک بە ناوی "مەهدی رەسووڵی"، لەگەڵ دوو زیندانیی دیکە لە بەندی لاوانی زیندانی ورمێ بۆ ئەنجامدانی تاقیکاریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ درەوەی زیندان گوازرانەوە.