دوو دەروێشی گونابادی دانیشتووی شاری ئیلام دەسبەسەر کران

14:42 - 11 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لە دەروێشانی گونابادی، دانیشتووی شاری ئیلام، لە پێتەختی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری تاران، دوو دەروێشی گونابادییان لەو شارە دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە بە ناوی \"ئەمین عەلیزادە و جەلال مووسەوی\" دانیشتووی شاری ئیلام راگەیەندراوە.

ماڵپەڕی \"مجذوبان نور\" وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ، لە شاری تاران دەسبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیوویەتی: \"لە شوێنی ڕاگرتن و هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە\".

پاش ڕووداوەکانی ١ی ڕەشەمە، لە گوڵستانی حەوتەم، زیاتر لە ٤٠٠ دەروێشی گونابادی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون، کە لە نێو دەروێشە دەسبەسەرکراوەکان ١١ ژن بەرچاو دەکەوێت.