دوو خۆپیشاندەری خەڵکی شائابادی کرماشان، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دا

11:05 - 10 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: شوناسی دوو هاووڵاتی کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی کرماشاندا دەسبەسەر و دواتر لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی حکوومەت گیانیان لەدەست دابوو، ڕوون بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی دوو کەس لە خۆپیشاندەران کە لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دابوو ڕوون بووەوە. ئەو کەسانە ناویان "ئیمان عەسکەری و عەلی ئەحمەدی" و خەڵکی شاری شائابادی پارێزگای کرماشانن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لەنێو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی کرماشان بەشدارییان کردبوو و پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن مەئموورانی حکوومەتییەوە، لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا کوژراون".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، مەئموورانی حکوومەت بۆ دانەوەی تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە، داوای بڕی ٥٠ ملیۆن تمەن پارە دەکەن.

پارێزەرێکی کورد سەبارەت بە دانەوەی تەرمی هاووڵاتییان بە پارە ڕایگەیاند: "من لە ساڵی ٩٦دا، پارێزەری قوربانییەکان و هەروەها ئەندامی کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ مافی قوربانییان بووم. ئێستا لە ڕێگەی پاڕیزەرەکانەوە ئاگادار کراومەتەوە کە دادگوستەری بەرگریکردنی پارێزەرەکانی قەبووڵ نەکردووە و بە بنەماڵەی قوربانییەکانی ڕاگەیاندووە کە دەبێ پارێزەرەکان لەو کەسانە بن کە لە تەبسەرەی ماددەی ٤٨دا ئاماژەی پێکراوە و هەروەها لەلایەن هێزی دادوەرییەوە جێگای متمانە بن. ئەم ڕێژەیە لە پارێزەرەکان لە پارێزگای کوردستاندا تەنیا ١٠ کەسن".