دوو خوێندکاری کورد لە مەریوان دەستبەسەر کران

16:32 - 20 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێرش بۆ سەر گوندێکی دەوروبەری مەریوان، دوو لاوی خەڵکی ئەم گوندەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوو کەس لە خوێندکارانی زانکۆی پەیام نوری مەریوان بە ناوەکانی فاڕوق نیکپەی کوڕی لەتیف و هیوا نیکپەی کوڕی حەسەن، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی تاکەکەسیی ستادی خەبەریی ئەم شارە ڕاگوێزران.

ئەم دوو خوێندکارە کە حەوتووی ڕابردوو دەستبەسەر کراون، خەڵکی گوندی نێی سەر بە بەشی ناوەندیی مەریوانن کە وەک هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاندووە، بە بیانووی \"پرسە ئەمنیەتییەکان\" و بە بێ هەبوونی \"داواکاریی دادوەری\" لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە گیراون.

لە ڕاپۆرتی ئاماژەپێکراودا هاتووە؛ دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانە پێوەندی هەبووە بە \"ڕێوڕەسمی نەورۆزی ٩٥ و ئاگرتێبەردانی ئاڵای کۆماری ئیسلامی\".

لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردووشدا، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت سەر بە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، دوو لاوی دیکەی گوندی نێ بە ناوەکانی \" زانیار مینوویی کوڕی فاتێح\" و \"هادی ڕاستی کوڕی فەریق\" یان بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز دەستبەسەر کرد.

ساڵی ڕابردوو، ٧٣٤ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران، دەستبەسەر کران کە حوکمی ٦٣ کەسیان ڕاگەیەندراوە.

ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ بەردەوام باسیان لەوە کردووە کە وەزارەتی ئیتلاعات یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندایە کە بەشێوەی سیستماتیک لە ڕەوتی سەرکوتی ئازادییەکان بەشداریی هەیە.