دوو خوێندکار لە زانکۆی ڕازیی کرماشان دەسبەسەر کران

16:47 - 23 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو خوێندکاری زانکۆی ڕازیی کرماشان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی بەفرانبار، دوو خوێندکاری ناڕازیی زانکۆی ڕازیی کرماشان بە ناوەکانی "سەلاح غەریبی"، خوێندکاری دامپزیشکی و "نەبی تەڕدەست"، خوێندکاری کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، لە بەردەم دەرگای ئەو زانکۆیەدا دەسبەسەر کران.

ئەو دوو خوێندکارە لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاریی زانکۆی ڕازیی کرماشان لە هەمبەر خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن پەدافەندی هەوایی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

لەو پەیوەندییەدا و لە هەمان ڕۆژدا، "سیاوەش حەیاتی"، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و ئەندامی شۆرای ڕێبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد، لە بەردەم دەرگای زانکۆی ڕازیی کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.