دوو بەکاربەری فەزای مەجازی لە کرماشان دەسبەسەر کران

15:21 - 23 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزی ئینتزامی پارێزگای کرماشان دوو هاووڵاتی کوردیان بە تۆمەتی چالاکی پێوەندیدار بە تاوانە سایبێرییەکان دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن مەئمورانی ناسراو بە پۆلیسی سایبێری شارستانی ئیسلام ئابادی غەرب دەسبەسەر کراوە.

ئەم کەسە لەلایەن پۆلیسی فەتاوە تۆمەتی \"هەڵگرتن و فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی\" دراوەتە پاڵ.

فەرماندەی هێزی ئینتزامی ئیسلام ئاباد وتوویەتی؛ ئەم کەسە پاش بەدواداچوون لە فەزای مەجازی دەسبەسەر کرا و دواتریش ڕادەستی \"ناوەندە قەزاییەکان\" کراوە.

بێهروز سەرتیپ نیا لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی نیمچەفەرمی فارس باسی لە \"بردنەسەری چۆنیەتی هەستی ئەمنیەت\" وەکوو یەکێک لە هەنگاوە لە پیشەکانی پۆلیس کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا چەند ڕاگەیەنێکی دیکەی حکومەتی ڕایانگەیاندووە کەسێک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا چالاکی هەبووە، لەلایەن پۆلیسی فەتای پارێزگای کرماشانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم کەسە بەپێی وتەکانی سەرۆکی پۆلیسی فەتای کرماشان وێنەی بەدڕەوشتی بڵاو کردۆتەوە.

پۆلیس گووتویەتی تۆمەتباری ئاماژەبۆکراو لە \"لێکۆڵینەوەکاندا\" دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

تا ئێستا شوناسی ئەم دوو بەکاربەرە ڕوون نەبۆتەوە.

ناوە بە ناوە ڕاگەیەنە نێوخۆییەکانی ئێران بڵاوی دەکەنەوە کە چەند چالاکێکی فەزای مەجازی لەلایەن پۆلیسی ناسراو بە \"پلیس فضای تولید و تبادل اطلاعات ایران\" (فەتا) دەسبەسەر کراون.

سپای پاسداران یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەدواداچوون و تاوتوێ کردنی تاوانە ئینتێرنێتییەکان لە ئێرانە کە بەردەوام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە \"گۆڕینی شێوازی ژیانی ئێرانی – ئیسلامی\" تۆمەتبار دەکەن.