دوو برای کۆڵبەر لە پیرانشار بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژران و بریندار بوون

13:50 - 9 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری شاری پیرانشار کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەز، هێزە نیزامییەکان حکوومەتی ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان لە سنووری \"کانی خۆا\" شاری پیرانشار دایە بەردەسڕیژ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"فەرهاد بەیانەک\" خەڵکی گوندی \"ماشکان\" گیانی لە دەست دا.

لەو ڕووداوەدا، \"سدیق بەیانەک\" برای فەرهاد بەیانک کۆڵبەری گیان لە دەستداو، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان لاقی پێکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ژمارە کۆڵبەرە کوردە لە شوێنێک نە ناوی \"سێ چۆمان\" دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە نیزامییەکان بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو ژمارە کۆڵبەرە کردووە\".

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"هادی سەلیمی\"، تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی ئەحمەد، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، جێگیر لە پایگای \"ماڵتە\"ی شاری بانە، گیانی لە دەست دا.