دوو برای بۆکانی بە لێسەندنی بەڵێن لە گرتووخانە ئازاد کران

15:00 - 26 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری بۆکان بەلێسەندنی بەڵین لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش لێکۆڵینەوە لە گرتنگە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، \"حەسەن فەتحی\" تەمەن ٢٧ ساڵە و \"هاشم فەتحی\" تەمەن ٢٤ ساڵە پاش یەک حەوتوو ڕاگیرانیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان و مەهاباد بە لێسەندنی بەڵێن ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم دوو برا بۆکانییەیان بە تۆمەتی ناردنی هەواڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران تاوانبار کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش لێسەندنی بەڵێن لەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بەوان ڕاگەیاندووە لە ئەگەری درێژەدان بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان لەگەڵ سزای قورسی قەزایی بەڕەوروو دەبنەوە.

ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"هاشم و حەسەن فەتحی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم دوو برایە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.