دوو برا لە شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران

13:32 - 21 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"هاشم و حەسەن فەتحی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە کە برا بوون، لە شوێنی کارەکەیان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات شاری بۆکان راگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم دوو برایە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەی هێزە ئیتلاعاتییەکان دایە و هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.