دوو ئاسەواری مێژوویی پێش لە سەردەمی ئیسلام لە کوردستان دۆزرایەوە

21:47 - 28 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: دێرینەناسەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ئاسەوارە کۆنەکانی کوردستان، لە شارەکانی مەریوان و سەردەشت، ئاسەواری مێژوویی هەزارەی یەکەمی پێش لە ئیسلامیان دۆزیەوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش لێکۆڵینەوە لە تەپۆڵکەی مێژوویی \"تەرخان ئاوا\"ی شاری مەریوان، هێندێک ئێسک وکەللە سەری مڕۆڤیان لەو تەپۆڵکەیە دۆزییەوە.

دۆزراوە نوێیەکان لە باشووری شاری مەریوان، سێ گۆڕی کووپەیی بوو، کە مێژووەکەیان بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی ئەشکانییەکان و سەرەتای ساسانییەکان دەگەڕێتەوە، و لەلایەن کارناسانی ئاسەوارناسییەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

\"کاوش
توێژینەوە لە مەریوان
ئیمپراتۆریی ئەشکانییەکان پێش لە ئێمپراتوری ساسانییەکان بووە و لە ساڵی ٢٤٧ی پێش زایین هەتا ٢٢٠ی پاش زایین، لە ناوچەکانی فوراتەوە هەتا هێندوکیش و لە قەفقازیشەوە هەتا کەنداوی فارس فەرمانڕەواییەتیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، تەپۆڵکەی تەرخان ئاوا، لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاویەوە لە لیستی ئاسەواری میللی‌دا تۆمار کراوە.

هەروەها هەڵکۆڵینی ئاسەوارناسەکان لە دەورووبەری شوێنەواری کەونارای\"باڵان\"ی شاری سەردەشت دۆزینەوەیەکی نوێی تۆمار کرد.

ئاسەوارە بەدەست هاتووەکانی مێعماریی بەرد و قۆڕ، لەگەڵ کەرەستەی گڵێنە و بەردین، کە لە چەند ژووری ٥ لە ٥دا بوون، دۆزراوەتەوە.

\"کاوش
توێژینەوە لە سەردەشت
بە وتەی بەڕێوەبەری پرۆژەی توێژینەوە لە باڵان، ئاسەوارە دۆزراوەکان بۆ قۆناغی فەرهەنگیی سەردەمی ئەشکانییەکان لە ئێران، دەگەڕیتەوە.

دوکتور یووسف فەلاحیان لە درێژەدا دەڵێت؛ من لەو باوەڕەدام، نابێت پەلە بکرێت لەتۆمار کردنی ئەو ئاسەوارانە کە مۆرکی سەردەمی ئەشکانیانیان پێوە نراوە.

ناوبراو بە هەواڵدەریی ئیرنای ڕاگەیاند: هاوکات پشکنین لە چوار شوێنی کەونارای، باغی، بڕوە، نیسک ئاوا و مەلاوەسو، لە مانگی ڕەزبەرەی ٩٤ی هەتاوییەوە دەستی پێکردووە و دانانی مۆزەخانەیەکی ناوچەیی لە شاری سەردەشت پێشنیار کراوە.

کۆنترین ئاسەوار کە هەتا ئێستا دۆزرابێتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوەبۆ ٨ هەزار ساڵ لەوەپێش.

دۆزینەوەی ئەو ئاسەوارە گرینگە لە بەشێکی کوردستان، لە کاتێکدایە کە، پاراستنی ئاسەوارە کۆنەکان بووەتە یەکێک لە کێشە جیدییەکانی ڕیکخراوی میراتی فەرهەنگی و پیشەدەستییەکان، بە شێوەیەک کە تاڵانکردنی ئەو ئاسەوارانە وەکوو پیشەیەکی پڕداهات و ڕێکخراو، بە ئەژمار دێت.