دوكتور محەممەد عەلی سوڵتانی و كۆڕێك لەبارەی فەرهەنگ و ئەدەبی یارسان لە هەولێر

14:35 - 25 سەرماوەز 2711
كوردپا: یەكەیتیی نووسەرانی كورد/ لقی هەولێر كۆڕێكی بۆ تاوتوێ‌ و باس كردن لەبارەی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی لە ئایینی یارساندا بۆ نووسەر و توێژەری كوردی كرماشان، دوكتور محەممەد عەلی سوڵتانی پێكهێنا.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە شاری هەولێر، كاتژمێر 3:30ی دوانیورەڕۆی پێنجشەممە رێكەوتی 24ی سەرماوەزی 1390 كۆڕێكی تایبەتی لەمەڕ ئەدەب و فەرهەنگ لەناو رێوڕچەی ئایینی یارسان و كاكەیی بۆ دوكتور محەممەد عەلی سوڵتانی نووسەر و لێكۆڵەری بە توانای كوردی كرماشان پێكهێنرا، كە كۆمەڵێك لە ئەدیب و نووسەر و مامۆستایانی زانكۆی شاری هەولێر تێیدا بەشدار بوون.
هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش داوە كە دوكتور محەممەد عەلی سوڵتانی لە سەرەتای كۆڕەكەیدا وێڕای بەرز نرخاندنی ئایینی یارسان و سەرچاوە فەرهەنگی و ئەدەبییەكان لە دوو توێی ئەو ئایینەدا، وتی: گەڕانەوە بۆ سەرچاوەكانی ئەو ئەدەبە و لێكۆڵینەوە كردن لەبارەیانەوە كارێكی بەنرخە و هەنگاوێكە لە راستای دۆزینەوە و دەست نیشان كردنی توانایی و تایبەتمەندیییەكانی ئەدەبی هاوچەرخی كورددا.
\"1889.jpg\"


سوڵتانی دواتر ئاماژەی بەو كارە فەرهەنگی، ئایینی، مێژوویی و ئەدەبییانەی خۆی كرد كە بە شێوەیەی بەردەوام و لێكۆڵینەوەی جیددی و مەیدانی لەم بارەوە ئەنجامی داوە و هاوكات رەخنەی لە نووسەران و لێكۆڵەرانی كورد گرت كە لەبارەی سەرچاوە بەنرخ و رەسەنەكانی كوردەوە كەمتەرخەمن و بە شێوەی جیددی و بەردەوام گرینگی بە لێكۆڵینەوەی فەرهەنگی و مێژوویی نادەن.

لەم دوایانەدا دەزگای چاپ و بڵاو كدرنەوەی ئاراس لە هەوڵێكی بێ‌ وێنەدا 10 بەرگ لە كتێب و كارە لێكۆڵینەوییكانی دوكتور محەممەد عەلی سوڵتانی بە چاپ گەیاند، بۆ وێنە: بنەوای باوەڕی یارسان، بەرگی یەكەم و دووهەمی، بزووتنەوە و سەرهەڵدانی عەلەوییەكانی زاگرۆس لە وەرگێڕانی عەدنان بەرزنجی.