دوایین موڵەت و هەڕەشەی دادستانی گشتی و ئینقلابی سنە لە زیندانییانی هەڵاتووی زیندانی سەقز

13:02 - 20 خاکەلێوه 2720

محەممەد جەباری دادستانی گشتی و ئینقلابی سنە، دوایین موڵەتی بۆ خۆڕادەستکردنەوەی زیندانیانی هەڵاتووی زیندانی سەقز، هەتا ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ڕاگەیاند.

پێشتریش، ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە، "محەممەد جەباری"، دۆزگەری گشتی و ئینقلابی سنە، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان ،بە هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان لە پێوەندیی لەگەڵ زیندانییە هەڵاتووەکانی زیندانی سەقز ڕایگەیاند: "بەپێی یاسا، ئامادەکردنی شوێن و حەشارگە بۆ زیندانییە هەڵاتووەکان بە تاوان بە ئەژمار دێت و ئەو کەسانەش دەخرێنە ژێر چاوەدێرییەوە".

ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە زیندانییانی زیندانی سەقز، پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتی لەو زیندانەدا، توانییان دەرگای زیندانەکە بشکێنن و هەڵبێن".

ناڕەزایەتی لە زیندانی سەقز بەهۆی پێنەدانی مەرەخەسی بە زیندانییەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرونا ڕووی داوە.

ئەو بەرپرسە قەزاییە دووپاتی کردەوە، ئەو کەسانە کە لە زیندانی سەقز هەڵاتوون، هەتا ڕۆژی پێنجشەممە خۆیان ڕادەستی زیندان بکەونەوە، دەکەونە بەر کەمکردنەوەی سزاکەیان و مێهراب ئیسلامی، لە ئەگەری خۆڕادەست نەکردنەوەی زیندانییان لەو ڕێکەوتە، پاش دەسبەسەرکرانیان لەگەڵ ئەوان بەپێی یاسا هەڵسووکەوت دەکرێت.

دادستانی گشتی و ئینقلابی سنە هەروەها ڕایگەیاند: ئەگەر زیندانییانی هەڵاتوو، هەتا ئەو ڕێکەوتە خۆیان ڕادەستی زیندان نەکەنەوە، سزای نوێیان بەسەردا دەسەپێی و وەبەر بەخشنامەی لێخۆشبوون ناکەون.