دوایین زانیاریی لەسەر دۆخی شاری شاباد، لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەست دا

12:09 - 2 رەزبەر 2722

دوایین هەواڵ لەسەر شاری شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، باسی لە گیانی لە دەستدانی لانیکەم سێ هاووڵاتیی ناڕازی لەو شارە و پچراندنی ئینترنێت و کەشی زاڵی ئەمنییەتی، دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی شەوی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ لە شاری شاباد، سێ هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "ئەمیرعەلی فولادی" تەمەن ١٦ ساڵ، "سەعید محەممەدی" تەمەن ٢١ ساڵ و "ئیمان محەممەدی"، گیانیان لەدەست داوە.

 هەروەها هێندێک لە هەواڵەکان لە نێوخۆیی نەخۆشخانەی کرماشان باس لەوە دەکەن، کە هەتا ئێستا ٧ کەس گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەدا، دەڵێت: کەشی شاری شاباد، بە توندی ئەمنییەتییە و لیباس شەخسییەکان و هێزە ماتۆڕسووارەکان، لە شەو هەتا بەیانی لەنێو شار، لە حاڵی گەشت لێدانن.

 هەروەها گۆڕەپانی خومەینی کە لەنێوەڕاستی شاری هەڵکەوتووە، لە هێزە سەرکوتکەرەکان و "جاش" تەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە؛ لە شەوی ڕابردوو، شەپۆلێکی دەسبەسەرکردنی بە کۆمەڵە لە شاری شاباد، دەستی پێ کردووە و لە کاتژمێر ٢ی بەیانی، زیاتر لە ٨٠ کەس گیراون. هەروەها لە ڕێگای تەلەفوونەوە پەیوەندیی بە خەڵکانێکی پێ لە تەمەن کراوە، کە بۆچی هەڵوێستان هەبووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئینترنێتی هەمڕای ئەوەڵ و ئیرانسێل لە شاری شاباد پچڕاوە و تەنیا دەتوانن لە ئینتزنێتی خانەگی، کەڵک وەرگرن.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئیمان محەممەدی، سەعید محەممەدی و ئەمیرعەلی فولادی