دوایین بارودۆخی شارەکانی کوردستان پاش خۆپیشاندانەکان

12:15 - 30 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: پاش پەرەسەندنی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان، حکوومەتی نیزامی و پچڕانی ئینتێرنێت بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕاگەیاندنی حکوومەتی نیزامی و پچڕانی ئینتێرنێت، کاری ڕۆژانەی هاووڵاتییانی لە شارەکانی کوردستاندا تووشی شەلەل کردووە و ئەمەش ناڕەزایەتیی دووبارەی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.

هێزە نیزامییەکان لە گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکانی شارەکانی کوردستاندا جێگیر کراون و هاتوچۆی هاووڵاتییان کۆنترۆڵ دەکەن.

هەروەها دەسبەسەرکردنی شەوانەی هاووڵاتییانی ناڕازی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەتوندی بەردەوامە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بارودۆخی هەندێک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی بریندار بەهۆی نەچوونیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لە ترسی دەسبەسەرکردن، نالەبارە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت، بازاڕییانی شاری مەریوان لە مانگرتنی گشتیدان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی کوردستان دەستیان بە پشکنینی مۆبایلی هاووڵاتییان کردووە هەتا پێش لە ناردنی وێنە و فیلمی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بۆ کاناڵ و میدیاکان بگرن.

پاش بەدواداچوونی بەردەوام و پەیوەندیگرتن لەگەڵ هاووڵاتییانی ناڕازی لە شارەکانی کوردستاندا، هەتا ئێستا شوناسی ١٧ کەس لە شەهیدان بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕوون بووەتەوە کە بەم چەشنەیە:

- کاوە محەممەدی، خەڵکی جوانڕۆ

- موبین عەبدوڵڵاهی، خەڵکی جوانڕۆ

- یوونس فیرۆز بەخت، خەڵکی جوانڕۆ

- جەبار توجارە کوڕی عەبدولڕەحمان، خەڵکی جوانڕۆ

- حەمزە نەقدی کوڕی عەزیز، خەڵکی جوانڕۆ

- ئیبراهیم مورادی، خەڵکی جوانڕۆ

- ئیدریس بیوارە، خەڵکی مەریوان

- دانیال ئیستواری، خەڵکی هانەگەرمەڵەی مەریوان

- عوسمان نادری، خەڵکی مەریوان

-  مێهران تاک، خەڵکی مەریوان

- بێهرووز مەلەکی کوڕی هاشم، خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی کانی دیناری مەریوان

- موزەفەر زەهیری کوڕی نەسوور، خەڵکی کرماشان

- مینا شێخی، خەڵکی سەقز

- محەممەد میرزایی خەڵکی کرماشان

- نادر بیژنەوەند خەڵکی کرماشان

- کاوە ڕەزایی خەڵکی جوانڕۆ

- سەڵمان رەحمانی خەڵکی جوانڕۆ

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێت و نەبوونی میدیای ئازاد لە کوردستاندا، ئامارێکی ورد و دروست لە ژمارەی شەهید و برینداربووەکان لەبەر دەستدا نییە.