دوایین بارودۆخی جەستەیی منداڵانی قوربانیی تەقینەوەکەی ئیلام+وتووێژ

14:28 - 29 رەشەمه 2714

 

ئاژانسی کوردپا: پاشنیوەرۆی رۆژی ١٠ی رەشەمە ٥ قوتابیی کوردی خەڵکی ناوچەی ئیلام، لە کاتاتی کایە کردندا، تەقینەوەی بەجێماوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و ئێراق بەڕوویاندا تەقییەوە.
مەهدی باباخانی یەکێک لە قوتابییانی برینداری ئەو تەقینەوەیە بە یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی گوتووە: \" بۆ کایە کردن چووبووینە ئەو شوێنە کە نزیکی قوتابخانەکەی خۆمانە و لە کاتێکدا خەریکی کایە کردن بووین یەکەمجار محەمەد هادی وای لێهات و دواتریش نەمانزانی چی روویدا\".

باوکی مەهدی لە لێدوانێکدا بۆ کوردپا رایگەیاند: ماوەی ١٥ ساڵە لەو ناوچەیەن و ئەوە یەکەمجار نییە کە خەڵک تووشی رووداوی تەقینەوە دەبن.

هاوکات باوکی دوو کەسی دیکە لە قوتابیانی ئەو رووداوە بە کوردپای راگەیاند: ئەو رووداوە لە تەنیشت خاکرێزی سەردەمی شەری ئێران و ئێراق روویداوە.

باوکی ئەمیر حوسێن و ئەمیر محەمەد پەیکانی دەشڵێت: یارمەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان باش بووە، بەڵام هەتا ئیستا بۆ کۆمیسیۆنی مادەی ٢ی ئوستانداری، بەدواداچوونمان نەکردووە.

یەدوڵڵا پەیکانی ئاماژەی بەوەش کرد: باران ئەو شوێنەی شۆردبوویەوەو ئەو کەرەسەیەی دەرخستبوو، کە بەداخەوە بەرووی منداڵەکاندا تەقییەوە.

ناوبراو دەشڵێت: ئەو شوێنەی کە رووداوەکەی لێ هاتە ئاراوە، رێگەی هاتوچۆی هەموو رۆژێکی منداڵان بۆ قوتابخانە بوو.

\"25526.jpg\"

 

مەهدی باباخانی یەکێک لە قوتابییانی برینداری: بۆ کایە کردن چووبووینە ئەو شوێنە کە نزیکی قوتابخانەکەی خۆمانە و لە کاتێکدا خەریکی کایە کردن بووین یەکەمجار محەمەد هادی وای لێهات و دواتریش نەمانزانی چی روویدا

لەو رووداوەی رۆژی ١٠ی رەشەمەدا، ٥ قوتابی بەناوەکانی ئەمیر محەمەد تەمەن ٨ ساڵ و ئەمیر حوسێن پەیکانی تەمەن ١١ ساڵ (برا) کوڕی یەدوڵڵا، محەمەد و مەهدی باباخانی تەمەن ٧ و ٨ ساڵ (برا) و کوری عەلیمەردان و هادی مەلەکیان کوری کەرەم، بریندار و کەمئەندام بوون.

بە گوتەی پزیشکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز، محەمەد هادی مەلەکیان لەسەدا ٥٧، ئەمیرحوسێن پەیکانی لەسەدا ٣٠، ئەمیرمحەمەد پەیکانی لەسەدا ٣٠ و مەهدی باباخانی لەسەدا ٣٨ تووشی کەمئەندامی و سووتان هاتوون.

محمەمەد هادی مەلەکیان لەو رووداوەدا لاقێکی لەدەست داوەو لەسەدا ٥٧ی جەستەی لە ئاگردا سووتاوە.

یەکێک لە کارناسانی مین هەڵگرتنەوە لە ئوستانی ئیلام بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: ئەو ناوچەیە پیشتر پاکسازی کراوەو ساڵی ٩٠ جەژنی پاکسازیشی بۆ گیراوەو بەرپرسان راشیانگەیاندووە کە لەهەموو جۆرە مین و تەقەمەنییەکی بەجێماوی شەڕ خاوێن کراوەتەوە.

بەرێوەبەرەی وێبلاگی (مین و ژیان) روونی کردەوە، ئەو منداڵانە تەقەمەنیی ساڵانی شەری ئێران و ئێراق بەرەوویاندا تەقیوەتەوەو بەو هۆیەوەیە بەشێک لە ئەندامانی لەشیان لەو رووداوەدا سووتاوە.

ئەو کارناسەی بواری مین هەڵگرتنەوە دەشڵێت: دەبوایە لەکاتی خاوێن کردنەوەدا هەموو شوێنێکی ئەو ناوچەیە بپشکێندرایە.

ناوبراو رەخنەی لە \"نهاد ملی مین\" گرت و رایەگەیاند: بەداخەوە لەو بارەیەوە بەجوانی هەواڵێکی بڵاو نەکردەوەو هۆکار و چۆنیەتیی ئەو رووداوەی بۆ رای گشتی روون نەکردەوە.

بە گوتەی ئەو کارناسەی بواری مین هەڵگرتنەوە، ئەو پێنج قوتابییە کوردە، نموونەی زەق و بەرچاوی قوربانیانی تەقەمەنی بەجیماوی شەڕن، کە دەبی کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ی ئوستانداری بیانگرێتەوە.

لە ٦٧ هەتا کۆتایی ساڵی ٩١ی هەتاوی، ٥٣٦ کەس لە ئوستانی ئیلام بریندار و کەمئەندام بوون.

هەروەها لەو ماوە زەمەنییەدا، ٣٢٦ کەسیش بەهۆی مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق، گیانیان لەدەست داوە.