دوای نزیك بە دوو حەفتە لە گیرانی هاووڵاتییەكی مەریوانی، چارەنووسی ناڕوونە

12:28 - 4 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی خەڵكی مەریوان كە نزیك بە دوو حەفتە لەمەوبەر لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر كرابوو، هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، محەممەد محەممەدی كوڕی ئەیووب هاووڵاتیی خەڵكی گوندی \"لەنج ئاوا\"ی سەر بە شاری مەریوان رێكەوتی 20ی خەرمانان لەناو جەرگەی شاری مەریوان لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگاردار و نزیك لە بنەماڵەكەی بە هەواڵنێری كوردپای لە مەریوان راگەیاندووە، محەممەد محەممەدی بە تاوانی هاوكای لەگەڵ حیزبێكی كوردیی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كراوە و لەو كاتەوە هەتا ئێستا هیچ زانیاری و هەواڵێك لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی لەبەر دەستدا نیە.

وێڕای ئەوەی كە بنەماڵەكەی سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتیان لە شاری مەریوان كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان لەو بارەوە پێنەداونەتەوە.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 22 هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی جۆراوجۆری وەك چالاكی سیاسی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ دەستبەسەر كراون.