دوای ٢٨ساڵ کیمیاباران/ داوا دەکرێت سەردەشت وەکوو شاری ئاشتی بناسرێت

14:17 - 1 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری ٢٨ـەمین ساڵوەگەڕی کیمیاباران کردنی شاری سەردەشت، چالاکانی مەدەنی ئەو شارە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، داوا دەکەن سەردەشت وەکوو شاری ئاشتی بناسرێت.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی مەدەنیی سەردەشت بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە بەرەبەری ٢٨مین ساڵوەگەڕی کیمیاباران کردنی ئەو شارە داوا لە هەموو خەڵکی شارەکان و پارێزگاکانی سەرتاسەری ئێران دەکەن بە یادکردنەوەی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت، قووڵایی ئەو کارەساتە بە تەواوی چین‌وتوێژەکانی کۆمەڵگا بناسێنن و بە تێگەیشتوویی و یەکگرتوویی لە پێناو دووپات‌نەبوونەوی کارەساتێک لەو چەشنە لە سەرتاسەر جیهاندا، بەستێنێکی گونجاو برەخسێنن.

\"27029.jpg\"
ئەو کۆمەڵە چالاکە مەدەنییەی سەردەشت لە بڵاوکراوەکەی خۆیاندا دەڵێن: ئێمە هاووڵاتییانی شاری سەردەشت لە هەوڵی ئەوە داین سەردەشت وەکوو \"شاری ئاشتی\" بناسێنین و هەروەها بەستێنکی لەبار بۆ گەیاندنی پەیامی خۆشەویستیی خەڵکی سەردەشت برەخسێنین و بە دونیا رابگەیەنین و بڵێین ئێمەیش قوربانی دەستی دیکتاتوری مێژووین.

ئەو چالاکانە داوا لە خەڵک دەکەن لەو رێگەدا لەگەڵ ئەوان هاوهەنگاو بن تا سەردەشت وەکوو\"شاری ئاشتی\" بناسرێت.

رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومان کراو لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی پاش کیمیابارانەکەدا ١٤٠ کەس بەهۆی ئەو چەکەوە گیانیان لەدەست دا.

زیاتر لە ٨ هەزار بەرکەوتوو و کەم‌ئەندامی کیمیایی‌بارانی شاری سەردەشت هەن و تەنیا ناوی ١٥٠ کەس لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتەوە بە برینداری کیمیایی‌باران ناسێندراو و تۆمار کراون.