دواکەوتنی پارەی ٥ مانگی کرێکارانی شارەداریی ئابادانانی ئیلام

12:07 - 21 جۆزەردان 2721

کرێکارانی شارەداریی شاری ئابدانانی پارێزگای ئیلام، ماوەی ٥ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو کرێکارانە.

هەواڵدەریی "ئیلنا" لە زاری یەکێک لەو کرێکارانە بڵاوی کردووەتەوە کە سەرەڕای دواکەوتنی پارەی ٥ مانگیان، نەتەنیا لە شاری ئابدانان، بەڵکوو تەنانەت لە ئاستی پارێزگای ئیلامیش، هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی وڵامدەری پارەی دواکەوتووی ئەو کریکارانە نییە.

ئەو کرێکارە هەروەها ڕایگەیاندووە: "٥ مانگە پارەیان پێنەداوین و هەر جارەش کە بەدواداچوونی دواکارییەکەمان دەکەین، بەرپرسان بە بیانووی جۆراوجۆر داواکارییەکانی ئێمەیان ڕەت کردووەتەوە".

بە وتەی یەکێک لەو کرێکارانە، ئەم پارە دواکەوتووییە، ١ مانگ و نیوی هی ساڵی ڕابردوویە لەگەڵ دواکەوتنی دابینکردنی دڵنیایی(بیمە).

باسکردنی دواکەوتنی پارەی کرێکارانی شارەداریی ئابدانان، هاوکات بووە لەگەڵ سەردانی سەرۆکی مەجلیسی ئێران بۆ پارێزگای ئیلام.